![](http://www.chrka.net/ku/wp-content/uploads/2024/06/FB_IMG_1718834561001-1024x1024.jpg)
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداری وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێکهاتووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بکات کە بە داخەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی.
راشیگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە حکوومەتی هەرێم تیمێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بە دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بکەن.
هەروەها رایگەیاند: کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانیان، هاوکات ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە داواشی لە هاووڵاتییان كرد زانیاری و ئاکامەکان دەربارەی ڕووداوەكە تەنیا لە لایەنی فەرمییەوە وەربگرن.